كوردى

پێشبینییەكانی ستراتفۆر: دانوستاندنی بەغدا و هەولێر دەكەوێتە ساڵی داهاتوو

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداوـ هەولێر

ناوەندی ئەمریكی (ستراتفۆر)، وەكوو نەریتێكی هەمیشەیی پێشبینییەكانی خۆی سەبارەت بە رەوشی جیهان بۆ چارەكی كۆتایی ئەمساڵ بڵاوكردەوە كە بەشێكی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەرخان كردووە و لەو بەشەشدا رۆشنایی خراوەتە سەر دۆخی هەرێمی كوردستان لە دوای گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلول. 

لەناو هەموو ئاریشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گشتپرسییەكەی كوردستان یەكێكە لە و كێشە دەگمەنانەی كە “زلهێزەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانن لەسەری هاوڕا بن”، دەشڵێت رێژەی بەرچاوی دەنگی “بەڵێ” لە گشتپرسییەكەی كوردستاندا “ئەو دەسەڵاتە جەماوەرییە بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات كە هەوڵی بۆ دەدا”.

بەدووریشی نازانێ پارتی ئەو دەسەڵاتە بەكاربهێنێ بۆ ئەوەی “پێگەی خۆی لە سەركردایەتی كوردستانی عێراقدا بەهێزتر بكات و بەوجۆرە بچێتە دانوستاندنەوە لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە كێشەی نەوت و غاز، دارایی و ناوچە كێشەلەسەرەكان”. پێشبینیش دەكات دانوستاندنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیی عێراق بكەوێتە 2018، لەو دانوستاندنەشدا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و گۆڕان “وەكوو گەورەترین ركابەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان… هەوڵ دەدەن پشكی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی و دارایی زامن بكەن”.

كورد و عەرەب هێزی چەكداریان لە كەركووك و دیالە هەیە كە هەردووكیشیان ناوچەی ناكۆكی لەسەرن. پاش رزگاركردنی حەویجە، مەترسیی داعش لەسەر میلیشیا شیعەكان و هێزەكانی پێشمەرگە یەكجار كەم بووەتەوە. ناوەندە ئەمریكییەكە پێشبینی دەكات رەوینەوەی مەترسی داعش هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی میلیشیا شیعەكان و هێزە كوردییەكان چەكەكانیان رووبەڕووی یەكدی بكەنەوە.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا توركیا و ئێران هەڵوێستی توندیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان و ئەنجامی گشتپرسییەكەی دەربڕیوە. بە گوێرەی راپۆرتەكەی (ستراتفۆر)، چاوەڕێ دەكرێت لە چارەكی كۆتایی ئەمساڵدا تاران و ئەنقەرە هێزە وەكیلەكانی خۆیان لە كوردستانی عێراق بەكاربهێنن تاوەكوو بەرژەوەندییەكانیان لە هەرێمدا پارێزراو بێت، دوشڵێت “پەیوەندییەكانی ئێران و توركیا لەگەڵ بەغدا لەوەی ئێستا نزیكتر دەبێتەوە”.

ترەمپ، ئێران و رێككەوتنێكی ئەتۆمیی لەرزۆك

ئیدارەی كۆشكی سپی تاوەكو 15ی تشرینی یەكەم، كاتی بەدەستەوە ماوە بۆ ئەوەی راپۆرتی 90 رۆژەی خۆیان سەبارەت بە پابەندبوون یان نەبوونی ئێران بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە رادەستی كۆنگرێس بكەن. بە گوێرەی راپۆرتێكی واشنتن پۆست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە رۆژی 12ی تشرینی یەكەم گوتارێك پێشكەش دەكات و تێیدا هێرش دەكاتە سەر ئێران و بە هۆكاری تیرۆریزم و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەبات. 

واشنتن پۆست لە زاری كەسانی ئاگادار لە گوتارەكەی ترەمپ ئاشكرای كردووە كە لەو گوتارەدا سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت ئامادە نییە متمانە بە رێككەوتنەكە بدات و جەختیش دەكاتەوە لەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ڤیەننا لە قازانجی ئەمریكا نییە. ئیدارەی كۆشكی سپی راپۆرتی خۆی لەسەر پابەندبوون یان نەبوونی ئێران بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پێشكەش بە كۆنگرێس دەكات. بە گوێرەی (ستراتفۆر) لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا “سەپاندنەوەی ژمارەیەك لەو سزایانە تاوتوێ دەكات كە بەهۆی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە لەسەر ئێران لادرابوون”.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی (واشنتن پۆست)، ئیدارەی ئەمریكی بەنیاز نییە پێشنیاز بە كۆنگرێس بكات سزاكان لەسەر ئێران قورس بكەن. ناوەندی (ستراتفۆر)یش بەدووری دەزانێت كۆنگرێس هەنگاوی لەو جۆرە بنێت، چونكە “ئەم هەنگاوە نەك هەر رێككەوتنە حەوت قۆڵییەكە پێشێل دەكات، بەڵكو متمانەی وڵاتانی دیكەش لەدەست دەدات”، بەوەش ئەمریكا شانسی ئەوەی كەم دەبێتەوە بتوانێت ماوەی كارپێكردنی رێككەوتنەكە (كە 10 بۆ 15 ساڵە) درێژتر بكاتەوە. 

ناوەندە ئەمریكییەكە پێشبینی دەكات ئێران، سەرەڕای هەوڵەكانی ترەمپ، هەوڵ بدات جەخت لەسەر پابەندیی خۆی بە رێككەوتنە 159 لاپەڕەییەكە بكاتەوە، ئەمەش لە لایەكەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری وڵاتانی ئەوروپییە و لەلایەكی دیكەشەوە بۆ چاككردنەوەی وێنەی خۆیەتی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

ئێران لە دوژمنەكانی نزیك دەبێتەوە

كەم كێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە ئێران بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ دەستی تێدا نەبێت. بەڵام ئێران دەزانێت بۆ ئاساییكردنەوەی وێنەی خۆی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانێ تەنیا پشت بە نزیكبوونەوەی لە ئەوروپا ببەستێت. بۆیەش ناوەندی (ستراتفۆر) پێشبینی دەكات “لە كاتێكدا گوشارەكانی واشنتن لەسەر ئێران زیاتر دەبن، تاران هەوڵ دەدات بۆ سووككردنی باری سەر شانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە و توركیا چاك بكاتەوە”.

ناوەندە ئەمریكییەكە دەڵێت “سعودیە بە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتدا تێدەپەڕێ”، لەو قۆناغەدا ریاز هەوڵ دەدات هەوڵەكانی ئێران بۆ لاوازكردنی حكومەتی سعودیە كەم بكاتەوە. ئێرانیش دەبێ رێگری بكات لەوەی توانا و دەسەڵاتی دیپلۆماتیكی سعودیە كاریگەری لەسەر هەوڵەكانی ئێران لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانەنێت. 

ستراتفۆر جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ئەو هەوڵانە بەو مانایە نییە ململانێ سەختەكانی نێوان ریاز و تاران كۆتاییان دێت، بەپێچەوانەوە ململانێكانی وڵاتانی كەنداو لەگەڵ تاران شێوەیەكی نوێی لە عێراق وەرگرتووە، بەتایبەتیش لە كاتێكدا عێراق لە ساڵی  2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی لەپێشە.

لە دوو مانگی رابردوودا موقتەدا سەدر، سەردانی سعودیە و ئیماراتی كردووە. بە گوێرەی راپۆرتەكە لە كەشێكی وەكوو ئەوەی ئێستای بەر لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە، سەركردە شیعەكانی عێراق هەوڵ دەدەن لە نێوان دروشمی نەتەوەگەرا و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و دۆزینەوەی هاوپەیمانی دەوڵەمەند و بەدەسەڵاتی نوێ لە ناوچەكەدا (بۆ نموونە سعودیە) هاوسەنگی دروست بكەن.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك