كوردى

فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركوك: شه‌ڕی براكوژی ناكه‌ین و هێز نه‌جوڵێنراوه‌

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

October 13, 2017 at 1:20 am

كه‌ركوك ناو

دوو فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگای كه‌ركوك ره‌تیده‌كه‌نه‌وه به‌ نیازی شه‌ڕبن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌ و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی وه‌كو “برا” له‌ پارێزگاكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ژین

زەکی موراتڵی، لێپرسراوی فه‌وجی قائم له‌ لیوای ۱٦ی حەشدی تورکمانی کە باره‌گاكانیان لە گوندی بەشیرو ناحیەی تازه‌یه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بە هیچ شێوەیەک چەک و هێز بۆ هه‌ردوو ناحیه‌ی تازەو بەشیر نه‌جوڵێنراون، تەنها ئاڵوگۆڕ به‌و هێزانه‌ كراوه كه‌ به‌شداریی شه‌ڕی حه‌ویجه‌یان كردووه‌‌، بۆ نمونە بەشێک لەو هێزانه‌ بە مۆڵەت دابەزینیان هەیە و بەشێکی دیکە شوێنەکانیان پڕده‌كه‌نه‌وه‌”.

موراتڵی وتیشی “به‌هیچ شێوەیەک ئەو هێزانه‌ بۆ شەڕی براکوژی بەکارناهێنرێن، ئێمە لەم شارە وەکو برا ده‌ژین و داواکارین لە دانیشتووانی شاری کەرکوک خۆیان بەدوربگرن لە پڕوپاگه‌نده‌”.

هاوكات عەلی حوسەینی، وتەبێژی حەشدی شەعبی له‌ میحوەری باکوری عیراق، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وه‌ی لەئێستادا بڵاودەکرێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راست نییه‌و تکا دەکه‌ین باوه‌ڕ به‌‌ نووسینی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر كه‌سه‌و به‌ ویستی خۆی شت بڵاوده‌كاته‌وه‌”.

وته‌ی ئه‌و دوو فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شدی شه‌عبیی له‌كاتێكدایه‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا چه‌ندین ده‌نگۆ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هێرشی سوپاو حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و به‌تایبه‌ت كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 12-10 له‌ په‌یامێكیدا داوای لە هێزە عیراقییەكان‌ و پێشمەرگەكرد دان بە خۆیاندا بگرن‌و دۆخی ناوچەكانی جێناكۆك ئاڵۆزتر نەكەن.

سلێمانی، 6-10-2017، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد‌و بافێڵ تاڵەبانی كوڕی لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی مام جەلال فۆتۆ: پەیجی بافێڵ تاڵەبانی لەفەیسبوك

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەداوە گەلی كوردستان روبەڕوی چەندان قەیران‌و مەترسی بونەتەوە، پێیوایە ئێستا قۆناغی ریفراندۆم‌و ئەنجامەكانی تێپەڕیووە‌و دەبێت قۆناغێكی نوێ دەستپێبكەن، بۆیە پێویستە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك بخەنە سەرو هەموو بەرژەوەندی ترەوە.

هەروەها دەڵێت “هێوركردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی كەركوك ئامانجی سەرەكیمانە، … داوا لە هەموو هێزەكانی عیراق‌و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن دان بە خۆیاندا بگرن‌و بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان ئاڵۆزتر نەكەن، ئارامی‌و ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیانی كەركوك‌و ناوچەكە بپارێزن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیكردەوە لەوەی سوپا دژی گەل بە كارناهێنن‌و ناچنە هیچ شەڕێكەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد، بەڵام كار بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە دەكەن.

قسەكانی عەبادی دوای ئەوەهات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشی گەورە لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و باكووری موسڵ لە كوردستان”.

بەغدا، 12-7-2017، حەیدەر عەبادی لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكوەزیران

دوێنێ‌ چوارشەممە ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستانیش لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

بافێڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی مام جەلال، سكرتێری گشتی كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێكدا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و بەغدا ئاماژەی بەوەدا كەركوك پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە بەپێی دوایین دەرئەنجامی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەنجومەنێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت، ئەگەر پێویستیش بكات بەهەمان شێوە پارێزگارێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت.

لە پەیامەكەیدا جەختیكردەوە “ناوچە جێناكۆكەكانیش بریتین لەو ناوچانەی كە هۆكاری ئاگر و كێشەكەن و پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە لە پێناو كوژاندنەوەی چەخماخەی ئاگرەكە”.

داواشی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و هەموو سەركردە سیاسییەكانی عیراق كرد ئەو رەوشە نالەبارە ئەمنیە هێور بكرێتەوە‌و گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، دەستپێبكات.

ئەو داوایانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك