كوردى

مەسرور بارزانی بۆ کەناڵی (BBC): نیازی دوژمنایەتیمان لەگەڵ بەغدا نییە

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

له‌ میانه‌ی دیدارێكیدا له‌ به‌رنامه‌ی (Hard Talk)ی كه‌ناڵی (BBC)ی به‌ریتانی، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و هەڵوێستە ناوخۆیی، ئیقلیمی و جیهانییەکان بەرامبەر بە کوردستان دەکات.

 

BBC: ئەم ریفراندۆمە چۆن بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورد دەگۆڕێت؟

 

مەسروور بارزانی: ھەروەک دەزانن ئەمە ماوەیەکی درێژە کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە و بەردەوام ھەوڵمان داوە ھەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام بە داخەوە حکومەتی عێراقی ھەنگاوی چارەسەری بە پێی دەستوور نەناوە و ئێمەشی وەک ھاوبەشێکی ھاوسەنگ پەسەند نەکردووە. دوای پەنابردن بۆ ڕەکارەکانی دیکە، لە کۆتاییدا چارەمان نەبوو تەنھا گەڕانەوە بۆ ریفراندۆم وەک پرۆسەیەکی دیموکراتی و ئامرازێکی ئاشتیخوازانە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بڕیار لەسەر چوارچێوەی پەیوەندی نێوان کوردستان و بەغدا بدات.

 

BBC: ئێوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بە مانای وشە حوکمڕانییەکی ئۆتۆنۆمیتان ھەیە، بۆچی ریفراندۆم یان سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا؟

 

مەسرور بارزانی: خواستی سەربەخۆیی خواستێکە نزیکەی یەک سەدەیە کورد ھەیەتی. بەڵام بۆ ئەم ماوە درێژە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەمان لەگەڵ کراوە. پێشمان وایە، ھەروەک لە ڕابردووش بینیومانە، ئۆتۆنۆمی بە تەنیا ناتوانێت مافەکانی گەلەکەمان بپارێزێت. ئێمە بەردەوام ھەڕەشەمان لێ کراوە، کیمیاباران کراوین، ئەنفال و جینۆساید کراوین. ئێمە گەرەنتییەکی نێودەوڵەتیمان پێویستە بۆ دڵنیاییدان لەوەی ئەم تاوانانە دووبارە نابنەوە دژ بە گەلەکەمان.

 

BBC: تەنھا بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت، بەڕێزتان حکوومەتی ئێستای عێراق تاوانبار ناکەن، تەنھا پێتان وایە ئەوەی لە ڕابردوو ڕوویداوە لەوانەیە لە داھاتوو دووبارە بێتەوە؟

 

مەسرور بارزانی: ئەم حکومەتەی ئێستا کە دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، ھیوامان وابوو سەردەمێکی نوێ بێتە ئاراوە و ھاوبەشی حەقیقی سیاسی ھەبێت. ئێمە ئەو کات بە خواستی خۆمان چووینەوە بەغدا بۆ بنیادنانی وڵاتێک کە بتوانێت بۆ ھەموومان بێت. ئەمە دەستوورمان پەسەند کرد و پێمان وابوو دەستوورەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام بۆ ھەموولایەک ئاشکرایە کە ئەم دەستوورە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و حکومەتەکانی بەغدا ماددە دەستوورییەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان ھەڵبژاردووە ئەو ماددانەی خزمەتییان بە کورد دەکرد پشتگوێ خراون. زۆر ھەوڵمان دا کێشەکانمان بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەین بەڵام نەکرا. ڕاستە ڕژێمی [حوکمڕان] لە بەغدا گۆڕا، بەڵام بە داخەوە بینیمان عەقڵییەتی حوکمڕانی لە بەغدا وا خەریکە لە پرەنسیپە دیموکراتییەکان و ھاوبەشی سیاسی دوور دەکەوێتەوە و زیاتر بۆ لای ڕژێمێکی تائیفی پەل دەھاوێت. ئەم عەقڵییەتی نەتەنھا کورد بەڵکو سوونەکانیشی پشتگوێ خست. ھەر ئەمەش وای کرد ئەمە زۆر نیگەڕانی داھاتووی گەلەکەمان بین ئەگەر پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی نەبت.

 

BBC: بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆم، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەرلەمان ڕایگەیان ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ھەموو خاکی عێراقدا لە ڕێگەی دەستوورەوە دەچەسپێنێنن. ھەر ئەم دەستوورە کە ئێوەش پەسەندتان کردووە ڕێگە نادات بەشێوەیەکی تاک لایەنانە سەربەخۆیی ڕابگەیەنن. ئەوە خۆتان ئەم جورئەتەتان بە عێراق نەداوە بەشێک لەو مافانەی پێشووتر ھەتانبوو لێتان بسێنێتەوە؟ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتوویەتی لە جەنگی یەکەمی جیھانییەوە کوردستان بەشێک نەبووە لە عێراق، لەم بەرامبەرەدا ئێوە چاوەڕێی چ جۆرە کاردانەوەیەک لە عێراق دەکەن ئەگەر ئەمەی ئێستا نەبێت؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە دەستوورمان بە گشتی پەسەند کرد نەوەک تەنھا ئەو ماددانەی کە بەغدا هەڵیان دەبژێرێت بۆ جێبەجێ کردن، چونکە خزمەت بە ئامانجەکانی ئەوان دەکات. یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم پێشێلکردنی دەستوور بووە، لە ڕاستیدا پێشێلکردنی ٥٥ ماددەی دەستووری بوو. ھەر ئەمەش ٥٥ ھۆکاری پێداوین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

 

BBC: بەڵام ئەوە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم شتێکی تریشتان کردووە. واتانکرد وڵاتەکانی ئێران و تورکیا و سوریا لە دژی ئێوە یەک بگرن. ئەوە واتان کرد ھاوپەیمانێتییەک درووست بێت کە زۆرێک پێیان وابوو دروستبوونی ئەستەمە؟

 

مەسرور بارزانی: ڕاستە، ھەر بەم شێوەیە کە باست کرد. ئێستا دەبینن کە ئێمە لە چ ژینگەیەک دەژین و چۆن لە لایەن ئەم وڵاتانەی دراوسێوە ھەڕەشەمان لێ دەکرێت… ئێمە ریفراندۆممان لە کوردستانی عێراق ئەنجام داوە. ئەمە یەکێکە لە دیموکراتیترین و ئاشتیخوازانەترین ھۆکارەکانە بۆ دەربڕین خواستەکانمان.  با پێتان بڵێم: ئێمە لە سەدەی ٢١ دەژین و ھێشتا لە ئاستەنگ لە بەردەم مافی ڕادەربڕینمان ھەیە. ئەوەی ئەمە کردمان لە ئەساس دا گەیاندنی پەیام و خواستی گەلەکەمان بوو بە بەغدا. بەغدا دەیگوت ئەمە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەین یان پارتە سیاسییە کوردییەکان یەکگرتوو نین، ئەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وایکرد ئەمە ناچار بین ریفراندۆم ئەنجام بدەین و شەڕعییەتیش دەدات بە گفتوگۆی نێوان ئەمە و بەغدا.

 

BBC: باڵام پرسیاری ریفراندۆم ئەمە بوو: “ئایا دەتەوێت ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟”. ھیچ باس لە وەرگرتنی متمانە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناکات. تەنھا (بەڵێ) و (نەخێر) لە وەڵامەکە ھەیە و خەڵکیش بە زۆرینە دەنگیان بە (بەڵێ) دا. ئەوە تەحەددای داھاتووی عێراقە و باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیشی تێدایە و جێگای سەرسووڕمان نییە ئەگەر ئەنکەرە و تاران نیگەران بن؟

 

مەسرور بارزانی: بەر لە ھەموو شتێک، ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق و پەم وا نییە پێویست بکات دراوسێکانی عێراق دەستوەردان بکەن. و لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەری پێویستە ڕێگە نەدات وڵاتانی دراوسێ دەستوەردان بکەن لە بابەتە ناوخۆییەکانی وڵاتێکی دیکە. خاڵێکی دیکە کە باست کرد، بەڵێ، خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا و ئەمە مافێکە لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە. کەواتا ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە گەلێک داوا بکات بە چ شێوازێک دەیەوێت لە وڵاتەکەی خۆیدا بژیت. لە ریفراندۆمدا نزیکەی ٩٣% خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە ئەمە سەربەخۆییمان ڕانەگەیاندووە. پێشی ریفراندۆم و پاشی ریفراندۆمیش گوتوومانە دەمانەوێت شەرعییەتی دانووستان لەگەڵ بەغدا وەربگرین بۆ چارەسەری کێشەکانان بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە. سەبارەت بەو ناوچانەی کە لە ئێستادا لە دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن، پێویستە لە بیر نەکەین کە ئەم ناوچانە لە سەردەمی ڕژەمی پێشوو بە شێوەیەکی سیتەماتیک دانیشتوانە کوردەکەیان ڕاگوازراون و خەڵکی دیکەی لێ نیشتەجێ کراوە. گرتنەوەی ئەم ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرھەڵدانی داعش کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر بەشێک لە خاکی عێراق و حکومەتی عێراقیش نەیتوانی پارێزگاری لە خەڵکەکەی بکات. پێشمەرگە ناچار بوو بچێتە پێشەوە ئەم ناوچانە لە ھێرشی داعش بپارێزیت. ئەگەر وا نەبوایە دەکەوتنە دەستی داعش و ئێستا کێشە ئازادکردنەوەی ناوچەکان دەبوو. ریفراندۆم بڕیار لە چارەنووسی ئەم ناوچانە نادات و دیاریکردنی سنووری نێوان کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستانەکان بە پێی ماددەی ١٤٠ کە حکومەتی عێراق تاکو ئێستا جێبەجێی نەکردووە.

 

BBC: ئەردۆغان لە دوای ریفراندۆم لە ٣٠ ئەیلوول گوتی ریفراندۆم وادەکات برینەکان خوێن بچۆڕێنن، ئەو ھەروەھا گوتیشی، کوردستان نەوتەکەی بە کێ دەفرۆشێت؟ چونکە بەشی زۆری بە تورکیا دەفرۆشرێت. ئەردۆغان دەشڵێت ئەگەر ئەوان بۆڕییەکە بگرنەوە، داھاتی کوردستانیش کۆتایی دێت. ئەگەر ئاوا بێت پێت وانییە ئێوە دەکەونە ناو کێشەیەکی جددی؟

 

مەسرور بارزانی: من نازانم چی گۆڕاوە. لە ١٩٩١ ەوە کوردستان وەک دیفاکتۆ سەربەخۆ بووە تا ئەو کاتەی لە ٢٠٠٥ دەستوور پەسەند کرا و ھەندێک لە مافە تایبەتەکان بە حکوومەتی عێراقی بەخشران. حکوومەتی عێراقیش ھەموو ئەم دەسەڵاتە تایبەتانەی لە دژی کوردستان بەکار ھێنا. ئێمە لە ڕاستیدا سەرمان سووڕماوە لەو ھەموو کاردانەوە زیادانە لە لایەن تورکیا و دراوسێکان و تەنانەت حکوومەتی عێراقیش. ئێمە ریفراندۆممان نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکان ئاڵۆزتر بکەین، بەڵکو پێمان وایە ریفراندۆ تاکە بژاری بەردەست بوو بۆ چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا. ناکرێت خۆمان ھەڵخەڵەتێنین و پێمان وابێت ھیچ کێشەیەک نییە و ھەموو شتێک باشە، بەڵکوو بوونی ئەم کێشە دیاریکراوانە کە وایان لە ئێمە کرد ریفراندۆم ئەنجام بدەین. ئێمە دوژمنایەتیمان نە لەگەڵ تورکیا ھەیە، نە لەگەڵ ئێران و عێراق، بەڵام پێمان سەیرە لەم ھەموو ڕێکارە توندەی ئەوان دژ بە خەڵکی ئێمە گرتوویانەتە بەر.

 

BBC: ئێوە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدان، چۆن پێتان وایە داوای سەربەخۆیی لەم ناوچەیەدا شۆکێکی سیاسی بۆ وڵاتەکانی دراوسێ دروست نەکات؟

 

مەسرور بارزانی: لە ڕاستیدا ئێمە پێمان سەیرە بۆچی ئەوان ڕێز لە دەنگی سێ ملیۆن کەس ناگرن کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازادانە داھاتووی خۆیان دیاری بکەن. ھەرگیز نەمانگوتووە خواستی خۆمان بەسەر ھیچ وڵاتێک یان حکوومەتێکدا دەسەپێنین، بەڵکو دەرگامان واڵایە بۆ گفتوگۆ بە ئومێدی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە. ئەگەر لایەنەکانی دیکە دەرگایان واڵا نەبێت و نەیانەوێت لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن، ئەوا ھەر پێویستە لۆمەی ئەوان بکرێت بۆ ھەر دەرئەنجامێک لە ڕەتکردەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی کێشەکان.

 

BBC: پێشتر باسی قوربانیدانی پێشمەرگەتان کرد کە لە شەڕی دژ بە داعش لایەنێکی سەرەکی بووە. بە ڕای بەڕێزتان شەڕی دژ بە داعش چۆن دەچێتە پێشەوە؟

 

مەسرور بارزانی: پێشمەرگە لە ڕێزی پێشەوەی شەڕ بووە بۆ تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش. لە کاتێکدا ھەموو جیھان ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی دەکرد، دووبارە ئەوە حکومەتی عێراق بوو چەکی قورسی بە پێشمەرگە نەدا بۆ ئەوەی زۆر خێراتر ئەم شەڕە بباتەوە. لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە سەرچاوەی دارایی بوو و دژی دوژمنێکی ھاوبەش شەڕمان دەکر حکومەتی عێراق بوجەی کوردستانی بڕی. ئەو لە کاتێکیش دا بوو کە ئێمە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارەی عێراقی و پەنابەری سووریمان لەخۆ گرتبوو. ئەمە ھیوامان دەخواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقیش پشتگیری ئێمەیان بکردبا. ئەو کات دەستخۆشیمان لێ کرا، بەڵام ئێستا کە دەمانەوێت بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیانە داھاتووی خۆمان لەگەڵ عێراق دیاری بکەین ھەڕەشەی ھێرش کردنە سەرمان لێ دەکرت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش حزووری نییە و بێ دەنگە. لە ڕەستایدا ئەم بێدەنگییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جورئەتی بە بەغدا و وڵاتانی دراوسێ داوە ئەم ڕێکارە تووندانە دژ گەلەکەمان بگرنە بەر.

 

BBC: زۆریش بێدەنگ نین. رێک تیلێرسن دوای ریفراندۆم گوتی، شەڕ دژی داعش کۆتایی نەھاتووە و ئەم گرووپە تووندڕەوە ھەوڵ دەدات ھەلەکە بقۆزێتەوە بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە؛ ھەر بۆیەش داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکەن تەرکیزیان لەسەر شکستدانی داعش بێت؟

 

مەسرور بارزانی: ڕاست دەڵێی، ئەوان بێدەنگ نەبوون، بەڵام بە ئاراستەی دژایەتی کردنی ریفراندۆم کە پرۆسەیەکی دیموکراسییە. لە لایەکی دیکەوە پشتگیریی حکوومەتێکی تائیفی دەکەن لە دژی ئەم پرۆسە دیموکراسییە. سەبارەت بە شکستدانی داعش، ئێمە گوتوومانە پابەندیین بە شەڕی دژ بە داعش و ئەندامێکی کارای ھاوپەیمانێتیی دژ بە تیرۆر بووینە و ھەر بەم شێوەیەش دەمێنینەوە.

 

BBC: نەدەکرا ریفراندۆم دوا بخرێت تا ئەم شەڕە کۆتایی دەهات؟

 

مەسرور بارزانی: بە تەئکید نەخێر. ریفراندۆم ھیچ پەیوەندییەکی بە پابەندبوونی ئێمە بە شەڕی دژ بە داعش نییە. ئەو کاتەی ئێمە دژ بە داعش وەستاینەوە، ئەوە بەغدا نەبوو ناچارمان بکات شەڕ بکەین، بەڵکو پابەندبوونی خۆمان بوو بە شکستدانی داعش. تەنانەت ئێستاکەش ئێمە ئامادەین شەڕی تیرۆر بکەین تا ھەر کاتێک بخایەنێت. پێمان وایە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شەڕی دژ بە داعش نابێت و ئێمە دڵنیاییمان داوە بە ھاوپەیمانان و بەغدا و ئامادەییمان نواندووە بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ئەمنییاکانی عێراق لەم شەڕەدا. دوای ریفراندۆم ئۆپەراسیۆنی حەویجە ئەنجام درا و بینیمان ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەو ھەڵمەتە نەبوو.

 

BBC: چیتان بە ئەمریکا گووت چوونکە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەمریکای خۆشحاڵ نەکرد. ریک تیلێرسن گوتوویەتی ریفراندۆم شەرعییەتی نییە و حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردنی عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکرات. بە مانایەکی دیکە نەخێر بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراق؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە نائومێد بووین لەم لێدوانانە. ئەمە تەنھا دەربڕینی خواستی گەلێکە کە دەخوازێت بە چ شەوەیەک بژیت. پێمان وایە ناکرێت میکانیزمێکی دیاریکراو بەسەر گەلێکدا بسەپێنرێت کە تەنانەت ڕێزیشی لێ نەگیراوە. دەستوورێک ھەبوو و دەمانەویست بەشێک بین لەم حکوومەت و لەم وڵاتە، بەڵام بە داخەوە ئەم حکوومەتە و حکوومەتی پێشووش خۆیان لە جێبەجێکردنی دەستوور دزییەوە.

 

BBC: ئێوە پەیوەندیەکی باشتان ھەیە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، بە حوکمی کاری ھەواڵگریش پەیوەندییەکی بەھێزتان ھەیە لەگەڵ (CIA). چۆن بوو کە ئێوە ریفراندۆمتان ئەنجام دا و ئەوانیش ھەڵوێستیان بەم شێوەیەی ئێستا بوو؟

 

مەسرور بارزانی:  ئێمە چاوەڕێمان دەکرد کە ئەوان لانی کەم پشتگیری گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی نێوان ئێمە و بەغدایان پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆم بکردبایە. ئەوە حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو پێشی ریفراندۆم گوتی کە ئەوان نە ئێستا و نە لە ئایندەش، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان قەبووڵ ناکەن. ھەر ئەمە وایکرد ھیچ بژارێکی دیکەمان نەبێت جگە لەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕای خەڵک و بزانین ئەوان چییان دەوێت. ئێمە ھەروەھا نائومید بووین لە ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکاش [لە بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان]. ئەوەی ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد وەستانەوە دژ بە ریفراندۆم بوو. ئەم لایەنانە ئەگەریش پشتگیری ریفراندۆمیان نەدەکرد، دەیانتوانی بێ لایەن بوونایە و لانی کەم ھانی بەغدا و ھەولێریان بدابا دانیشتن ئەنجام بدەن و بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکردبا. ئەم دژوەستانەوە جوورئەتی بە بەغدا دا ئەم جۆرە ھەڵوێستانەی ھەبێت و تەنانەت داوا لە وڵاتانی دراوسێش بکات ئابڵۆقە بخەنە سەر کوردستان و خەڵکی کوردستان سزای بە کۆمەڵ بدەن.

 

BBC: مایک روبین لە بلۆگی خۆی نووسیویەتی: ملیۆنان دۆلار بۆ لۆبی کردنی خەرج کراوە. چۆن دەبێت سەرکردایەتیی کوردستان سیاسەتی ئەمریکا بە ھەڵە وەرگرێت؟ ئێوە لەگەڵ واشنتۆن ھێندە لەیەک نزیک بوون و ئەوان پاڵپشتتان بوون. ئێوەش لە ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن و شەڕی دژ بەداعش یارمەتیی ئەمریکاتان داوە. چۆن دەبێت لەیەکگەیشتنتان ھێندە لاواز بێت کە بگەنە بارودۆخی ئێستا کە ھیچ پاڵپشتییەکی گرنگی نێودەوڵەتیتان نییە؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە ھەرگیز نەمانگوتووە ئەمریکا پێویستە لە نێوان ئێمە و بەغدا یەکێکمان ھەڵبژێرێت. گوتوومانە دەتوانن بەغدایان ھەبێت و ئێمەش وەک دۆستی خۆیان بھێڵنەوە. ئێمە خۆمان بە دۆستی ئەمریکا دەزانین و سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ھەموو ئەو پاڵشتییەی پێشکەشی ئێمەیان کردووە. پێمان وایە ریفراندۆم نابێت وەک ھۆکارێک سەیر بکرێت لە لایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستی دژ بە ئێمە. ھێشتا بڕوامان وایە ئەوان دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبێت لە ھاندانی بەغدا و ھەولێر بۆ دانوستانێکی بنیاتنەر، نەوەک لایەنگرانە ھەڵوێست بنوێنن و ھەلی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە بڕەخسێنن کە ھیچ لایەنێت سوودی لێ نابینێت. کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێشی ھەمووانەوە ئەمریکا، بێتە پێشەوە و ھانی بەغدا و ھەولێر بدات دەست بە دانوستان بکەن، نەوەک تێکھەڵچوون دروست بکەن کە لە ڕاستیدا بەغدا ئێستا خەریکی ئەمەیانە.

 

 

 

BBC: ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لە مانگی نۆڤەرمبەردا ئەنجام بدرێت. ئایا ھەڵبژرادنەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت؟ یان کێشەکانی پەیوەست بە ریفراندۆم کاریگەری دەبێت و پاشی دەخات؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە بە ھەموو شەوەیەک پشتگیری ئەوە دەکەین کە ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بەڕێوە بچن.

 

BBC: ئەگەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تێکھەڵچوون لەگەڵ بەغدا بێنێتە ئاراوە، دەتوانێت بیباتەوە؟

 

مەسرور بارزانی: پێم وایە ئەمە بابەتێکی شەخسی نییە و سەرۆکمان ئەو کارەی کردووە کە خەڵکەکەمان خواستی بووە. ئەو بڕیاری بۆ خەڵک جێ ھێشت و ئەمەش بڕیاری گەلە نەوەک بڕیاری تاکە کەسێک. نزیکەی ٩٣%ی خەڵکی دەنگی بە (بەڵێ) داوە بۆ سەربەخۆیی. ھەر بۆیە ئەمە بڕیاری خەڵکە نەوەک سەرۆک.

 

BBC: جیا لە ھەموو ھەڕەشەکان کە لەسەرتانە لە بارەی ھەناردەی نەوت بۆ دەرەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی ئێوە فەرمانبەرن و سەرچاوەی داھاتییان مووچەی حکوومەتە. ئەگەر بەغدا پارەتان بۆ نەنێرێت، ئێوە دەتوانن مووچەی ئەم خەڵکە بدەن.  ھەروەھا مانگی داھاتوو گۆڤاری ئێکۆنۆمیست نووسیویەتی سەرەڕای کۆنتڕۆل کردنی نەوتی کەرکووک، کارمەندانی کوردستان نیوەی موچەکەیان وەردەگرن؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە لە دەرەوەی خواست لە ناوچەیەک دەژین کە سنووری ئاویمان نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە گەلەکەمان نەتوانێت ڕای خۆی بە شێوەیەکی ئازاد دەربڕێت بۆ دیاریکردنی چارەنووس و داھاتووی خۆی. ئێمە پێمان وایە نە ریفراندۆم و نە ئەنجامی ریفراندۆم تەحەددا نییە بۆ وڵاتانی دراوسێ و عێراقیش. ئێمە ئەو ریفراندۆمەمان بە چارەسەر داناوە بۆ گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ بەغدا. پێمان وایە پەیوەندیی باشی ئێمە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندیی ھەموو ناوچەکەیە. کێشە لە تێنەگەیشتنی ئەوانە لە ئامانجی ئەمە و قبووڵ نەکردنمانە وەک ھاوبەشێکی ھاوتا. ئێمە داوای چارەسەر دەکەین، داوای گەیشتنە ئەنجامێکی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا دەکەین، بەڵام بەغدا نایەوێت گفتوگۆ بکات و پەنادەباتە بەر شەرعییەتی دەستوور یان بەکار ھێنانی ھێز لە دژی ئێمە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی کوردستان. ھەر ئەوە ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە ئەوان ئێمە بە ھاوبەشی ھاوتا ناناسن و بەدوای سەقامگیریی ناوچەکەوە نین. با ڕاشکاو بم، ئێمە نیازی دوژمایەتیمان نییە و نامانەوێت ئاڵۆزیی زیاتر دروست بکەین، لە کاتێکدا بارودۆخەکە خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە. بەڵکوو پێمان وایە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتن بە ئەنجامێکی مەقبوول بۆ ھەموو لایەنەکان تاکە چارەسەرە. ئێمەش ھەر لەسەر ئەمە بەردەوام دەبین.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك