كوردى

شرۆڤەکارێکی سیاسی: قاسم سولەیمانی رۆڵی هەیە لە دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو- هەولێر

لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان و ناڕەزایەتی تووندی ئێران ، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتووەتە خراپترین دۆخ و ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی کوردستان لە ئارادایە، هەموو ئاماژەکانی دۆخی ئێستای عێراق و کوردستانیش بەپێی کەسایەتییە سیاسیەکان و چاودێرانی سیاسی دەچێتەوە سەر، فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.

یەکەمجار لە پێش گشتپرسی لە 23-9-2017 دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە قاسم سولەیمانی لە کەرکووکە بۆ فشار خستنەسەر کورد لە ئەنجام نەدانی گشتپرسی لەو شارە، دواتر و لە 48 کاژێری رابردوو جارێکی دیکە باسی رۆڵی قاسم سولەیمانی کرا لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە. باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپا قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقە و هانی حەشدی شەعبی دەدات هێرشبکاتە سەر کەرکووک. 

زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە توویتەری خۆی رەخنەی لە ئێران گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە داوا لە حەشدی شەعبی دەکات هێرش بکاتە سەر کوردستان. 

مامەند رۆژە شارەزا لەکاروباری سیاسی پێیوایە قاسم سولەیمانی لەشەڕی نێوان حەشدی شەعبی و کورد رۆڵی هەیە و لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا و تورکیا لە ئەگەری شەڕدا دەڵێت: “ئەگەر شەڕ رووبدات هاوسەنگی هێز دەگۆڕدرێت”.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان

رووداو: شەڕی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دژی کوردستان شەڕێکی پێشبینی کراو بوو؟

مامەند رۆژە: لە لۆژیکی سەربازیدا کە لۆژیکی هێزە ، هەرکەس دەزانێت لە نێوان سێ هێزدا وەک حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ، داعش و ‌هێزی پێشمەرگە کە یەکێکیان نەما ئەوکات شەڕ لە نێوان دوو هێزی دیکە دروست دەبێت ، چونکە لە لۆژیکی سەربازیدا هێز یەکلاکەرەوەیە. بەبڕوای ئێمە ئەگەر لەدوای ئۆپەراسیۆنی شنگال و پێش ئۆپەراسیۆنی موسڵ گشتپرسی بکرایە دەرەنجامێکی باشتری دەبوو ، بە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە ، هێزە عێراقییەکان توانییان ئۆپەراسیۆنی موسڵ و حەویجە ئەنجام بدەن، بەڵام ئێستا ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە دووژمنی یەکەم نەماوە و دەبێت شەڕ لەگەڵ دووژمنی دووەم بکەن کە ئەوان پێشمەرگە بە دووژمنی خۆیان دەناسێنن.

رووداو: زاڵمای خەلیلزاد ، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، قاسم سولەیمانی لە عێراقە و هەوڵدەدات شەڕ لە دەورووبەری کەرکووک رووبدات، بەرژەوەندی ئێران چییە لە سەرهەڵدانی ئەو شەڕە؟

مامەند رۆژە: ئێران زۆر هەوڵیدا گشتپرسی ئەنجام نەدرێت، دواتر هەموو هەوڵێکی خۆی چڕکردەوە لە کەرکووک گشتپرسی نەکرێت، کەرکووک لایەنە سەمبولیکەکەی بخەینە لاوە، سەرچاوەی هێزە هەم لەلایەنە ئینسانییەکەی و هەمیش لایەنە وزەییەکانی ، لەلایەکی دیکەوە پێگەیەکی ژیئۆپۆلیتیکی هەیە و ئەوە بۆ عێراق گرنگە، ئێران پیش دوو رۆژ لە ئەنجامدانی گشتپرسی هەوڵی زۆریدا لە کەرکووک گشتپرسی ئەنجام نەدرێت، بەڵام هەوڵەکانیان سەرنەکەوت و هاوسەنگییەکەی تێکدا. لە تێکدانی هاوسەنگی کورد بووە هێزێکی ئەنجامدەر و زۆر چالاک کە ئەوە لەلای ئەوانەوە قبوڵکراو نییە و ئێستا هاوپەیمانییەکی سێقۆڵییان لەنێوان ئێران و عێراق و تورکیا دروستکردووە. لەو بەینەدا دەرکەوت هەندێ لە حساباتی ئێمەش تەواو نەبووە، تۆ کە دەتەوێت شەڕ بکەی دەبێت سێ هێزت هەبێ، هێزی مرۆیی، پشتیوانی پشت سەنگەرەکانی بەرەوەی شەڕ و دواتریش هێزی ئابووری. ئێستا عێراق هەست بە هێز دەکات و هەستدەکات پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە و بەو شێوەیە هەست بەوە دەکات کە بە قازانجی ئەو هاوسەنگی هێز گۆڕاوە. 

زۆر شت کاریگەرییان لەسەر ئەو هاوسەنگییانە هەیە، ئەگەر ئەمڕۆ ئەمریکا سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە یەکسەر کاریگەری لەسەر حەشدی شەعبی هەیە، لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان حەشدی شەعبی خستووەتە لیستی شەرمەزارییەوە، ئەمریکا پارەی تەرخانکردووە بۆ دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی حیزبوڵڵا ، ئەوانە هەموو ئەگەر رووبدەن باڵانسی هێز لە قازانجی هەرێمی کوردستان دەگۆڕن، بەڵام ئەگەری روودانی شەڕ بەهێزە. 

رووداو: پێنتاگۆن لە وەڵامی رووداو گوتی، ئێمە دەمانەوێت هەموو هێزەکان سەرنجی خۆیان بدەنە شەڕ لەگەڵ داعش، ئەگەر شەڕ رووبدات هەڵوێستیان دەبێت؟

مامەند رۆژە: ئەجێندای سەرەکی ئەوان شەڕی داعشە، شەڕی داعش ئێستا لە عێراق کەمبووەتەوە و زیاتر لە سووریایە ، بە فاکتەری هاوپەیمانان دەبێت سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە بپارێزرێن، ئەو هەڕەشانەی هەن زیاتر لەسەر ناوچە جێناکۆکەکانن بە تایبەت کەرکووک، ئەوەی دەبیندرێت هیچ جیددیەتێک لەلای هاوپەیمانان نابینرێت کە پێش بە شەڕ بگرن یان تەنانەت ناوەندگیریی بکەن. کورد خوازیارە ئەوە رووبدات بەڵام لەلای ئەوانەوە کاردانەوەکان زۆر جیددی نییە.

رووداو: ئەگەر دەستێوەردان هەبێت و شەڕێکی گەرم دروست ببێت هەڵوێستی تورکیا چی دەبێت؟

مامەند رۆژە: عەقڵی ستراتیژی دەوڵەت لە تورکیا گۆڕاوە، پێشتر هەرێمی کوردستانیان وەک فورسەتێک دەبینی نەک هەڕەشە، وەک هێزێکی نیو هاوپەیمان سەیریان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی عەقڵی ستراتیژی دەوڵەتی ئەوان گۆڕانکاریی بەسەردا هات ، پێشکەوتنی کورد لە رۆژئاڤا و باشوور و خواستی دەوڵەت، وەک هەڕەشەیەک بۆ دەوڵەتی تورکیا دەبیندرێت و یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە، ئێستا کەناڵێک دروستبووە کە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەوەی دروستبووە لە نێوان ئێران و عێراق و تورکیا هاوپەیمانییەکی تەواو نییە و هاوپەیمانییەکی لەرزۆکە و سەر ناکەوێت، ئەگەر شەڕ رووبدات فاکتەری عەرەبی سوننە و تورکمان و کورد هەن کە ئەوە هاوسەنگییە دەگۆڕێت.

رووداو: بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ ستراتیژی نوێی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە ئاشکرا بکات و ئەگەری هەیە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، عێراق ئێستا ئێران وەک پشت و هاوکار دەبینێت لەو شەڕەی بە نیازە لەگەڵ کوردستان بیکات، ئەگەر قاسم سولەیمانی ببێتە سەرۆکی گرووپێکی تیرۆریست ، ئەوە ئەنجامەکەی چۆن دەبێت؟

مامەند رۆژە: 100% هاوسەنگی هێز دەگۆڕدرێت ، ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆر دەبێتە ئامانج بۆ ئەمریکا و دەستی ئەمریکا کراوە دەبێت لە لوبنان، لە عێراق ، سووریا و لە یەمەن، کە بەرپەرچی ئەو هێزە بداتەوە. ئەوە تەنیا هەڵوێستی ئەمریکاش نابێت بەڵکو لۆبی ئیسرائیلیشی تێدایە ، رۆڵی عەرەبی سعودیەشی تێدایە، ئەوان دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک ئێران کۆنترۆڵ بکەن.

رووداو: ئێستا هاوپەیمانییەک لەنێوان ئێران و عەبادی هەیە ئەوە کاریگەریی دەکات لەوەی عەبادی لە ئەمریکا دوور بکەوێتەوە؟ 

مامەند رۆژە: عەبادی یەکێکە لەو بەربژێرانەی ئەمریکا دەیەوێت لەسەر دەسەڵات لە عێراق بمێنێتەوە، چونکە وەک ئەڵتەرناتیڤی مالیکی دیبینێت، مالیکی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و زۆرینەی حەشدی شەعبی پەیوەندییان بەوەوە هەیە، بەڵام ئێستا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات، عەبادی زۆرترین سەرنجی داوەتە ئێران ، مانۆڕی هاوبەشیان ئەنجامدا و رێگەی داوە قاسم سولەیمانی دەستی زۆر کراوە بێت ، بەڵام ئەگەر شەڕ رووبدات هاوسەنگی هێز دەگۆڕدرێت.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك