كوردى

پەیامێك ئاراستەی لایەنی عیراقی‌و نێودەوڵەتی دەكاتنێچیرڤان بارزانی: تەدەخول بكەن بۆ رێگری لە شەڕێكی تازە

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

October 13, 2017 at 3:53 pm

نێچیرڤان بارزانی، داوای ئیدارەیەكی تایبەتمەند دەكات بۆ پارێزگای كەركوك فۆتۆ: سایتی حكومەتی هەرێم

كەركوك ناو
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و هەموو لایەنە عیراقیەكان دەكات تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە، جارێكی دیكەش ئامادەیی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نیشاندەدات.

پەیامەكەی ناوبراو دوای ئەوەهات ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

نێچیرڤان بارزانی لەو پەیامەدا ئاماژەی بە لێدوانێكی عەبادی داوە‌و دەڵێت “چەند ڕۆژێكە بە مەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری مووسڵەوە تا دەوروبەری كەركووك و خانەقین كۆدەكرێنەوە”.

“داوا لە بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەموو ڕێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمەریكا، یەكێتیی ئەورووپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە ڕۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە”.

هەروەها هاتووە “داوا دەكەین هێزە عێراقییەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونكە لێكەوتەی ڕاستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆشدەكاتەوە”.

نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی نیشاندا لەپێناو چارەسەركردنێكی ڕاستەقینەی هەموو كێشەكان، بە گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە، بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێك دەخاتە ئەستۆی لایەنی بەرانبەر.

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، بازاری شاره‌كه‌ نزیك قه‌ڵای كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

بە بروای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی دەوروبەری “نابێ هیچ چارەسەرێك دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەكی خاوەن تایبەتمەندی كە ویستی هەموو پێكهاتەكانی ڕەچاو بكات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاریكردنێكە”.

جەختی لەوەشكردۆتەوە “دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێ هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن”.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 13-10 لەگەڵ ئاماژەدان بۆ جموجۆڵی هێزە عیراقییەكان بۆ هێرشكردنە سەر كەركوك، جەختیكردەوە لە رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان لە بری شەڕ.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی كەركوك، دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگاكە بۆ (كەركوك ناو) رەتیانكردەوە بە نیازی شەڕبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە‌ و جەختیانكردەوە لەوەی وەكو “برا” لە پارێزگاكە لەگەڵ یەكتر دەژین.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

نێچیرڤان بارزانی، داوای ئیدارەیەكی تایبەتمەند دەكات بۆ پارێزگای كەركوك فۆتۆ: سایتی حكومەتی هەرێم

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك