كوردى

مووچەی خانەنشینییەكەی وەرگرت و نەگەڕایەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – هەولێر

دوای ئەوەی خشتەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانگەكەی لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە، رۆژی دواتر پیرۆت ئەحمەد لە شارۆچكەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەرەوە بەڕێدەكەوێ‌ بۆ هەولێر. دوای وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەكەی، لە رووداوێكی تەمومژاویدا كۆتایی بە ژیانی دێ، كەسوكارەكەی دەڵێن كوژراوە، بەڵام پۆلیس دەڵێت خۆی كوشتووە.

ئێوارەی رۆژی 5/10/2017 پیاوێكی تەمەن  64 ساڵ بەناوی پیرۆت ئەحمەد محەممەد، دانیشتووی شارۆچكەی سەنگەسەری سەر بە قەزای رانیە، لە گەڕەكێكی شاری هەولێر لە رووداوێكی تەمومژاویدا كۆتایی بە ژیانی هات.

پیرۆت، پێشمەرگەیەكی خانەنشینكراوی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بوو، ئەو رۆژە هاتووەتە هەولێر بۆ ئەوەی لە بانكێكی شارەكە، مووچەی خانەنشینییەكەی وەربگرێ‌، بەڵام بە زیندوویی نەگەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵەكەی.

پیرۆت كە خاوەنی حەوت منداڵە (كچێك و شەش كوڕ)، جگە لەوەی پێشمەرگەی خانەنشین بوو، لەنێو ماڵەكەیدا دووكانی بەرگدرووی هەبوو.

بایز مەولود، ئامۆزا و هاوڕێی پیرۆت بە (رووداو)ی گوت: “پیرۆت كەسێكی باش بوو، تەنیا خەریكی كاری خۆی بوو، كە دەڕۆیشتە سەرمەكینەی خەیاتیەكەی تا ئێوارە درەنگ هەڵنەدەستا، دوكانەكەی لەناو ماڵی خۆی بوو، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی زۆر ڕێك بوون و باری ئابووریشی باش بوو”.

بایز باسی ئەو رۆژە دەكات كە ئامۆزاكەی تێدا كوژرا و دەڵێت “ئەو رۆژە (پیرۆت) لە سەنگەسەرەوە چوو بۆ هەولێر تاوەكوو مووچەی خانەنشینییەكەی وەربگرێت، دوای وەرگرتنی مووچەكەی سەردانی نەخۆشێكی كردبوو لە نەخۆشخانە. دوای نیوەڕۆیەكەی ئەو رۆژە ویستبووی بازاڕ بكات، بەڵام دواتر پەیوەندیان پێوەكردین كە بایز كوژراوە”.

بایز گوتی: “سەعات هەشتی شەو تەلەفۆنیان بۆ كردین، گوتیان بایز تووشی رووداوێك بووە و لە نەخۆشخانەیە. كە گەیشتینە نەخۆشخانە، هەموو ئیشێكیان بۆ كردبوو، نەشتەرگەرییان بۆ كردبوو، چوار بوتڵ خوێنیان تێكردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی برینەكەی قورس بوو، گوللە بەر سەری كەوتبوو، گیانی دەرچوو”.

هەرچەندە گومان دەكرێ‌ خۆی كوشتبێ‌، بەڵام ئامۆزاكەی ئەو گومانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت كوژراوە، بەڵام نازانێ‌ لەلایەن كێ‌ و بۆچی كوژراوە؟

بایز  دەڵێت: “ئێمە نازانین كێ‌ ئەو تاوانەی كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە هیچ كەسێك لە بنەماڵەكەمان كێشەی لەگەڵ كەس نییە و لەناوخۆماندا زۆر تەباین و وەستا پیرۆتی ئامۆزاشم هیچ كێشەیەكی نەبووە و قەتیش حەزی لە هەڵگرتنی چەك نییە، بۆیە دەڵێین كوژراوە، رەنگە لەلایەن كەسێكەوە بە هەڵە كوژرابێ‌، یان كەسێكی دوژمندار بە هەڵە كوشتبێتی و وایزانیبێ‌ دوژمنەكەیەتی، هیوادارین دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر راستی رووداوەكەمان بۆ ئاشكرا بكەن و ئێمەش ئاسوودەبین”.

بەپێی زانیارییەكان، گوللەیەك بەر لای چەپی سەری پیرۆت كەوتووە و لەلای راستی سەری دەرچووە، لە نزیك شوێنی رووداوەكەش، دەمانچەیەك و چەند پارچە حەبێك دۆزراونەتەوە، بەڵام بایز رەتیكردەوە كە پیرۆتی ئامۆزای چەكی هەبووبێ‌، بۆیە گومان دەكات كەسێك كوشتبێتی.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی  پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: “سەرلەئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5/10/2017 دوای ئەوەی ئاگاداریان كردینەوە كە پیاوێك لە نزیك بازاڕی نیشتیمانی شاری هەولێر كەوتووە و گوللەیەكی بەركەوتووە، دەستبەجێ‌ پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و پیاوەكەیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە، هەرچەندە لە نەخۆشخانە نەشتەرگەی بۆ كرا و چوار بوتڵ خوێنیشی تێكرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەی، گیانی دەرچوو”.

سەبارەت بە هۆكاری رووداوەكەش، رائید هۆگر گوتی “نازانین هۆكاری رووداوەكە چییە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو پیاوە خۆی كوشتووە، گوللەیەك بەر سەری كەوتووە، پۆلیس لە شوێنی رووداوەكە چەند پارچە حەبێك و دەمانچەیەكی دۆزیوەتەوە”.

پیرۆت ئەحمەد كادیری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بوو، لە رێگەی ئەو حیزبەوە خانەنشینی پێشمەرگەی بۆ كراوە. ئەوانیش دوای رووداوەكە دەیانەوێ‌ وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەستبكەوێ‌ كە ئایا پیرۆت كوژراوە یان خۆی كوشتووە.

باپیر كامەلا، سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەران بە (رووداو)ی گوت: “كاك پیرۆت هەڵسوڕاوی ئێمە بوو، پێشمەرگەیەكی خانەنشین بوو، دوای ئەوەی مووچەی خانەنشینییەكەی وەرگرتووە، تووشی ئەو رووداوە بووە، ئێوارەی ئەو رۆژە لە كۆڵانێكی نزیك بازاڕی نیشتیمان گوللەیەك بەر سەری كەوتووە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی دەرچووە”.

باپیر كامەلا كە سەرۆكی فراكسیۆنی ئاراستەی سێیەمە لە پەرلەمانی كوردستان، باسی هەڵوێستی حیزبەكەی دەكات و دەڵێت: “ئێمە وەكو حیزب هەر دوای ئەوەی هەواڵمان بۆ هات، گەیشتینە نەخۆشخانە و لەگەڵ كەسوكارەكەی بووین تاوەكو ناشتمان، بەڵام تاوەكو ئێستا بۆ ئێمە روون نییە كە ئایا خۆی كوشتووە یان كوژراوە، هەر كاتێك دەركەوت كەسێك دەستی لەو تاوانەدا هەیە، ئەوە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین، بەڵام لە هەموو بارێكدا هاوكاری پۆلیس و دادگا دەبین بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردن و دادگایی تۆمەتبار”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك