كوردى

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: گرژییەکان لەسەر نەوتی كەركوكە

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

October 13, 2017 at 7:19 pm

یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

كەركوك ناو
یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە ئەو ململانێیەی ئێستا هەیە لەسەر نەوتی كەركوكە‌و داوادەكات، لەڕێی دیالۆگەوە ئەو گرژییانە چارەسەر بكرێن.

ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان لە راگەیەندراوێكی رۆژنامەوانیدا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13-10 دەربارەی گرژی‌و ئاڵۆزییەكان لە پارێزگای كەركوك رایگەیاند “ئەم ململانێ‌و گرژیانە لەسەر نەوت‌و گازی كەركوكە كە بەداخەوە تائێستا داهاتەكەی، نە بۆ خەڵكی كەركوكە، نە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانە”.

“پێویستە هەمو لایەنەكانی ململانێ لەسەر كەركوك پەند لە مێژو وەربگرن‌و بزانن كە هیچ كاتێك نەتوانراوە ململانێ لەسەر كەركوك، بە شەڕ یەكلابكرێتە‌وە”.

هەروەها بە پێویستی دەزانێت جارێكیتر دانیشتوانی كەركوك بە هەمو پێكهاتەكانیەوە، نەكرێنە سوتماكی شەڕێكی خوێناویی تر، لەسەر ئەو نەوتەی سودیان لە داهاتەكەی نەبینیووە.

یوسف محەمەد داوادەكات “پێویستە هەموان كار بۆ ئەوە بكەین لەڕێی دیالۆگەوە ئەو گرژیانە چارەسەر بكرێن، چونكە ئەمجارە هەر شەڕێك لەسەر نەوتی كەركوك تەنها شەڕێكی ناوخۆیی نابێت، بەڵكو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانیش دەستێوەردانی تێدا دەكەن”.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 13-10 لەگەڵ ئاماژەدان بۆ جموجۆڵی هێزە عیراقییەكان بۆ هێرشكردنە سەر كەركوك، جەختیكردەوە لە رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان لە بری شەڕ.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی كەركوك، دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگاكە بۆ (كەركوك ناو) رەتیانكردەوە بە نیازی شەڕبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە‌ و جەختیانكردەوە لەوەی وەكو “برا” لە پارێزگاكە لەگەڵ یەكتر دەژین.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك